
تورکیا ئامادەیە پشتگیری لە گەشەپێدانی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان بکات
کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، ئەرمان تۆپچو، ڕایگەیاند کە تورکیا ئامادەیە بەشداری لە بەهێزکردنی ژێرخانی گەشتیاری و توانای دامەزراوەیی هەرێمی کوردستان بکات.
ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییە مرۆیی و ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان مێژوویەکی دێرینیان هەیە.
تۆپچو ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا ئامادەیە هەموو جۆرە پشتگیرییەک بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری پێشکەش بکات و دەتوانن لە ڕێگەی کۆمپانیا تایبەتەکان و دامەزراوە فەرمییەکانەوە، بەشداری لە بەرزکردنەوەی ئاستی ژێرخانی گەشتیاری و توانای دامەزراوەیی بکەن.
ناوبراو باسی لەوە کرد کە هەولێر بەتایبەت بۆ ئەو گەشتیارانەی لە وڵاتانی کەنداوەوە دێن، بووەتە ناوەندێکی گرنگی ڕاکێشانی گەشتیاران و هاتوچۆیەکی زۆر لە نێوان هەردوولادا هەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە لەم دۆخە هەستیارەی ئێستادا، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان لایەنەکان، گرنگییەکی زۆری بۆ ئابووری ناوچەکە هەیە.
سەرچاوە: Kurdistan24