
تورکیا ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە دەڵێن ڕێگری لە گەڕانەوەی گوندنشینانی سەرێ کانی کردووە
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە ئەو ئیدیعایانەی دەڵێن هێزە چەکدارەکانی تورکیا ڕێگری لە گەڕانەوەی گوندنشینانی سەرێ کانی دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە.
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی ناڕاست لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی تورکیا ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی دەڵێن ڕێگری لە گەڕانەوەی دانیشتووانی هەندێک گوندی ناوچەی سەرێ کانی بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان کراوە، ڕاست نین. ناوەندەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ئیدیعایەی لە میدیا نێودەوڵەتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "هێزە چەکدارەکانی تورکیا ڕێگری لە گەڕانەوەی دانیشتووانی هەندێک گوندی سەرێ کانی لە سوریا دەکەن"، بێبنەمایە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دۆخی ئەو خێزانانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە، لە چوارچێوەی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی سوریا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، هەروەها هیچ ڕێکارێک لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە بۆ ڕێگریکردن لەم گەڕانەوانە نییە. داواش کراوە بڕوا بەو بڵاوکراوانە نەکرێت کە پرۆسەکە بەلاڕێدا دەبەن و تورکیا دەکەنە ئامانج، و داوا کراوە زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگیرێن.
لە چوارچێوەی پرۆسەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەدا، بە کاروانی سێیەم ٥١٦ خێزانی دیکە گەڕاونەتەوە بۆ سەر زێدی خۆیان. لەگەڵ دەستپێکردنی یەکەم کاروانەکان لە ئابی ٢٠٢٦دا، هەزاران خێزان دوای ساڵانێکی دوورودرێژ دەستیان بە گەڕانەوە کرد بۆ نیشتمانەکەیان. لە هەمان سەردەمدا هێرش کرابووە سەر ئەو پەنابەرە کوردانەی گەڕابوونەوە، کە ئەوەش ببووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی لە ناوچەکەدا.
سەرچاوە: Kurdistan24