
تورکیا مەهدی ئێکەر، وەزیری پێشووی کشتوکاڵی وەک بەربژێری بەڕێوەبەری گشتیی FAO دەستنیشان کرد
سەرۆککۆمار ئەردۆغان داوای پشتیوانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ بەربژێرکردنی مەهدی ئێکەر بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی FAO.
سەرۆککۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند کە تورکیا د. مەهدی ئێکەر، وەزیری پێشووی کشتوکاڵ و کاروباری گوندەکانی وەک بەربژێر بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) دەستنیشان کردووە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پشتیوانی لەم بەربژێرکردنە بکەن.
ئەردۆغان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە بۆ ڕێوڕەسمی پێشوازیکردنی کۆڕبەندی جیهانیی خۆراک نێردرابوو، ئاماژەی بە بابەتی ئاسایشی خۆراک، تێکۆشان دژی بەفیڕۆدانی خۆراک و گۆڕانی کەشوهەوا کرد؛ جەختی لەوە کردەوە کە دەستگەیشتن بە خۆراکی تەندروست یەکێکە لە توخمە سەرەکییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی و بابەتی "داهێنان بکه، بەیانی بژیەنە"ی کۆڕبەندەکەی بیر هێناوە.
سەرۆککۆمار سەرنجی ڕاکێشا بۆ نادادپەروەری لە دابەشکردنی خۆراک لەسەر ئاستی جیهان و گوتی: "لە لایەکەوە شاهیدی خەباتی ژیانی ملیۆنان کەسین کە نانی وشکیش دەست ناکەوێت، لە لایەکی دیکەشەوە لە جیهانێکدا کە بەفیڕۆدانی خۆراک تێیدا ڕوو لە زیادبوونە، نە دەتوانین باس لە ئاشتی، نە ئارامی و نە ئاسوودەیی بکەین." بەپێی ڕاپۆرتە جیهانییەکان،٪٦٠ی بەفیڕۆدانی خۆراک لە قۆناغی بەکارهێنەردا، بەتایبەتی لە ماڵاندا ڕوو دەدات و ساڵانە نزیکەی ١.٥ ملیار تۆن خۆراک لەدەست دەچێت یاخود بەفیڕۆ دەدرێت.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی دەستپێشخەریی "خۆراکەکەت بپارێزە، ئاگاداری سەرسفڕەکەت بە" کە تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا دەستی پێکرد، بەفیڕۆدانی نان ٪١٨ کەمی کردووە و بزووتنەوەی ڕیسایکڵکردن و نەهێشتنی پاشماوە کە بە پێشەوایەتی هاوسەرەکەی ئەمینە ئەردۆغان نۆ ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردبوو، هاوکار بووە لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری لەم بوارەدا. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەزموونە بەدەستهاتووەکان لە چوارچێوەی کۆنفرانسی COP31دا کە لە ٩ تا ٢٠ی تشرینی دووەم لە ئەنتاڵیا بەڕێوە دەچێت، جێبەجێ دەکرێن.
سەرچاوە: Rûdaw