
گفتوگۆکانی وزەی نێوان تورکیا و عێراق: بەندەری جەیحان وەک بەدیلێک بۆ گەرووی هورمز دیاری کرا
لە گفتوگۆکانی ئەنقەرەدا، هەردوو وڵات ئامانجیانە ڕێژەی هەناردەکردنی نەوت و گاز لە ڕێگەی بەندەری جەیحانەوە زیاتر بکەن و بەدیلێکی ئارام بۆ گەرووی هورمز دروست بکەن.
شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتی بەاسم محەمەد، وەزیری نەوتی عێراق، لە ئەنقەرە لەگەڵ ئاڵپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا کۆبوونەوە و دەستیان بە ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێککەوتنێکی ستراتیژی گشتگیر کرد کە کەرتەکانی نەوت، گاز و وزەی گشتی دەگرێتەوە.
لە گفتوگۆکاندا، زیاترکردنی قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەری جەیحان لە دەریای ناوەڕاست و بەرزکردنەوەی توانای هێڵەکانی بۆری تا جەیحان ببێتە بەدیلی سەرەکی بۆ گەرووی هورمز، وەک ئامانجێکی ستراتیژی دیاری کرا. جگە لەوەش، پەرەپێدانی ژێرخانی کێڵگەکانی نەوت و گاز، بەهێزکردنی هاوکاریی دوو قۆڵی لە بوارەکانی پێشەسازی پترۆکیمیایی و بازرگانی هیدرۆکاربۆندا خرانە بەرباس.
سەلیم ڕوکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکان بە جۆرێک ڕێکخراون کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بڕسێنن و ئەم هەنگاوە سووربوونی بەغدا و ئەنقەرە نیشان دەدات بۆ گەیاندنی وزەی عێراق بە بازاڕەکانی ئەورووپا و جیهان لە ڕێگەی ڕێڕەوی ئارامەوە. شارەزایان بەشداریی ئاستبەرز لە عێراقەوە وەک نیشانەیەک بۆ هەوڵدان بۆ دروستکردنی ڕێگەیەکی بەدیلی هەناردەکردن لە بەرامبەر مەترسییە جیۆپۆلیتیکی و ئەمنییەکانی ناوچەکە هەڵدەسەنگێنن.
سەرچاوە: Kurdistan24