
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
ئەندرێ سیبیها رایگەیاند کە هێرشەکانی ڕووسیا بوونەتە هۆی کوژرانی ٧٨ مەدەنی و برینداربوونی ٢١٥ کەس و داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، ئەندرێ سیبیها ڕایگەیاند کە لە هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سوپای ڕووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی، ٧٨ مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ٢١٥ کەسیش بریندار بوون. لەبەر ڕۆشنایی ئەم پێشهاتانە، ڕایگەیاند کە پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپەلە لەسەر ئەم بابەتە کۆببێتەوە.
سیبیها لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بە هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەم بۆ سەر شارۆچکەی پڕیلوکی و هێرشەکەی دوێنێی سەر دوو پاسی گواستنەوەی سەرنشینان لە کڕاماتۆڕسک و هێرشەکانی سەر کیێڤی پایتەخت کرد و ڕایگەیاند کە ئۆکراینا لەژێر هێرشی ئاسمانیی قورسدایە.
وەزیرەکە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیای بە تاوانباری جەنگ ناوزەد کرد و گوتی کە تيرۆر بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی زیادی کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە نوێنەرایەتی هەمیشەیی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان "نایاساییە" و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەبەندەکانی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پابەند بێت و وەڵامێکی کردارییانە بداتەوە بە کردەوەکانی ڕووسیا.
سەرچاوە: Kurdistan24