
ئومێد ئۆزداغ سەرکەوتنی ئامەدسپۆر بۆ خولی نایابی تورکیا بە پلانێکی سیاسی دەبەستێتەوە
سەرۆکی پارتی زەفەر، ئومێد ئۆزداغ، سەرکەوتنی ئامەدسپۆر بۆ خولی نایاب بە بژاردەیەکی سیاسی ناودەبات نەک سەرکەوتنی وەرزشی.
سەرۆکی پارتی زەفەر، ئومێد ئۆزداغ، لە بەرنامەیەکدا هەڵسەنگاندنی بۆ سەرکەوتنی ئامەدسپۆر بۆ خولی نایابی تورکیا کرد. ئۆزداغ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو یانەیە نەک بەهۆی تێکۆشانی وەرزشی، بەڵکو بە بژاردەیەکی سیاسی گەیشتووەتە خولی نایاب.
ئۆزداغ ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکەوتنی ئامەدسپۆر بە بەشێک لە پلانێک دەبینێت بۆ زیادکردنی گرژییە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام هیچ بەڵگە یان دۆکیۆمێنتێکی ئەوتۆی بۆ سەلماندنی ئەو قسانەی نەخستەڕوو. هەروەها سەبارەت بە یاری نێوان گالاتاسارای و ئامەدسپۆر لە هەفتەی ڕابردوودا، وتی: "خۆزگە پرێکازی لەوێ بوایە و ٨ گۆڵی لە ئامەدسپۆر بکردایە".
ئەم لێدوانانە ڕەخنەی توندی ئیدارەی ئامەدسپۆر و ڕای گشتی لێکەوتەوە. یانەکە پێشتر لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ و دوای یارییەکەی بەرامبەر ئەنقەرەگوجو، سکاڵای یاسایی لە دژی ئۆزداغ تۆمار کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە بەرگری لە ڕۆحی یەکخەری وەرزش دەکات و دژی وتاری ڕق و لێکدابڕان دەوەستێتەوە.
سەرچاوە: Diyarbakır Yenigün