
کرێی خوێندن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە ٥ قیست دەدرێت
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کرێی خوێندنی ساڵی ئەکادیمی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ بە ٥ قیستی یەکسان دابەش بکات.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، بە واژۆی د. ئارام محەمەد قادر لە بڕیارنامەیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند کە کرێی خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان بۆ ساڵی ئەکادیمی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ بە ٥ قیستی یەکسان وەردەگیرێت.
ئەم هەنگاوە وەک پشتیوانییەکی دووەم لەدوای بڕیاری پێشووی وەزارەت بۆ داشکاندنی ٤٥٪ی کرێی خوێندن هەژمار دەکرێت. عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە هەردوو بڕیاری داشکاندنی کرێ و قیستکردن، ئاسانکارییەکی دارایی بێوێنەیە کە کابینەی ئێستای حکومەت پێشکەشی خوێندکاران و خێزانەکانیانی کردووە. جەختیش لەوە کرایەوە کە پێویستە خوێندکاران پابەندبوونە داراییەکانیان تا کۆتایی ساڵی خوێندن تەواو بکەن.
وتەبێژ عەباس ئەکرەم بیرخستەوە ئەو خوێندکارانەی لە کاتی خۆیدا قیستەکانیان نادەن، ناتوانن لە کۆتایی ساڵی ئەکادیمیدا بەشداری تاقیکردنەوەکان بکەن. بڕیارەکە لەو ڕۆژەدا چووە بواری جێبەجێکردنەوە کە خوێندکارانی قۆناغی یەکەمی زانکۆکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەستیان بە دەوام کرد بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧.
سەرچاوە: Kurdistan24