
هونەرمەندی ناوداری کورد ههڤاڵ ئیبراهیم ئاشکرای کرد کە تووشی شێرپەنجە بووە و ڕووبەڕووی دزیی زیرەکیی دەستکرد بووەتەوە
ههڤاڵ ئیبراهیم ڕایگەیاند کە ماوەی دوو ساڵە چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن (لۆکیمیا) وەردەگرێت و دوایین کلیپیشی بە فێڵی زیرەکیی دەستکرد سڕاوەتەوە.
هونەرمەندی ناوداری کورد ههڤاڵ ئیبراهیم، کە ماوەیەکی زۆرە لە شاشەکان دوور کەوتووەتەوە، لە بەرنامەی "دیاسپۆرا"ی ڕووداودا وەک میوان بەشداری کرد و بۆ یەکەمجار ئاشکرای کرد کە ماوەی دوو ساڵە ڕووبەڕووی نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن (لۆکیمیا) بووەتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە هەفتەی دوو ڕۆژ سەردانی نەخۆشخانە دەکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر و ئێستاش باری تەندروستیی گشتیی باشە. بە ڕەزامەندیی پزیشکەکانی، گەورەترین ئاواتی ئەوەیە بگەڕێتەوە کوردستان و لە کۆنسێرتێکی گەورەدا چاوی بە خەڵکەکەی بکەوێت.
هونەرمەندەکە ئیدیعای ئەوەی کرد کە دوایین کلیپی بە ناهەق لە یوتیوب سڕاوەتەوە و لە پشت ئەم کارەوە "دزیی زیرەکیی دەستکرد"ێکی ڕێکخراو هەیە. وتیشی هەندێک کۆمپانیا گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی کوردی بە بەرنامەکانی زیرەکیی دەستکرد دەستکاری دەکەن و دەیگۆڕن بۆ دەنگی هونەرمەندی کۆچکردوو حەسەن زیرەک، پاشان بە بیانووی مافی لەبەرگرتنەوە (کۆپی ڕایت) کلیپەکەیان پێ دەسڕنەوە. ئەو ئەم دۆخەی بە دزیی دیجیتاڵی ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هونەرمەندان تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد بە باشی فێر بن و هۆشیاریی یاسایی بەرامبەر بە بەکارهێنانی خراپی ئەو تەکنەلۆژیایە پەرە پێ بدەن.
ههڤاڵ ئیبراهیم سەرەڕای کێشە تەندروستییەکان و ئەو زیانەی لە ڕووی مافی لەبەرگرتنەوەوە پێی گەیشتووە، ڕایگەیاند کە لە مۆسیقا دانەبڕاوە و تەکنەلۆژیا لە پڕۆژەکانیدا بە شێوەیەکی ئەرێنی بەکاردەهێنێت. هەروەها ئاشکرای کرد کە لەگەڵ کۆمپانیای مۆسیقای "پلینگ" گرێبەستی پڕۆژەی ئەلبوومێکی نوێی کردووە کە لە ١٠ تراک پێکهاتووە و بۆ هەندێک لەو بەرهەمانەش کلیپ ئامادە دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەم نزیکانە دوێتێکی لەگەڵ هونەرمەندێکی بەناوبانگ ڕادەگەیەنێت.
سەرچاوە: Rûdaw