
هێرشی ئاسمانیی ئوردن بۆ سەر باشووری سووریا: ٥ سڤیل کوژران و زیاتر لە ٢٠ چەکداری داعشیش کوژران
دوای ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی ئوردن بۆ سەر باشووری سووریا، سووریا کوژرانی ٥ سڤیلی ڕاگەیاند و ئوردنیش دەڵێت زیاتر لە ٢٠ ئەندامی داعشیان کوشتووە.
ئوردن لە ناوچەی دەرعای باشووری سووریا هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدا و ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا زیاتر لە ٢٠ ئەندامی داعش کوژراون. لە بەرامبەردا سووریا ڕایگەیاند کە لە هەمان هێرشدا ٥ سڤیل کە ژن و منداڵیشیان تێدایە گیانیان لەدەستداوە.
محەمەد مەومەنی، وەزیری پەیوەندییەکانی ئوردن ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە زیانی گەورەی بە چەکدارانی داعش گەیاندووە، زیاتر لە ٢٠ چەکدار کوژراون و کۆگایەکی گەورەی چەکی ڕێکخراوەکەش لەناوبراوە. وەزیرەکە ئەوەشی خستەڕوو کە هێرشەکە وەڵامێک بووە بۆ ئەو پەلامارەی کرایە سەر کەنیسەیەک لە پارێزگای کەرەک و سێ هێرشبەرە ئوردنییەکەش پەیوەندییان بەو گرووپانەوە هەبووە کە لە سووریا کراونەتە ئامانج. سوپای ئوردن ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی سووریا ئەنجامدراوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) جەختی لەوە کردەوە کە پێش هێرشەکان هیچ هەماهەنگییەک لەگەڵ لایەنی سووریا نەکراوە و جگە لە کوژرانی ٥ سڤیل، ژمارەیەک برینداریش هەن. سانا ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوەی ورد بۆ ئاشکراکردنی هەموو وردەکارییەکانی ڕووداوەکە دەستی پێکردووە و هاوسۆزی خۆیان بۆ خێزانە سوورییەکان دەربڕی. هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە کەناڵەکانی پەیوەندی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات کراوەن و جەخت لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی مەیدانیی هاوبەش کرایەوە.
سەرچاوە: Rûdaw