
شارەزایەک لە پەیمانگەی ئاشتیی ئەمریکا: هەڵبژاردنە ناوەندییەکانی ئەمریکا یەکلاکەرەوەی هاوکارییەکانی کوردستان و ڕۆژئاوا دەبێت
ئەنجامی هەڵبژاردنە ناوەندییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکرێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داهاتووی هاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا هەبێت.
سەرهەنگ حەمەسەعید، توێژەری باڵا لە پەیمانگەی ئاشتیی ئەمریکا (USIP) ڕایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردنە ناوەندییەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دیاریکەری بەردەوامیی هاوکارییە سەربازی و مرۆییەکان بۆ هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا دەبێت. حەمەسەعید لە بەشداریکردنیدا لە بەرنامەی "ڕێگەی کۆنگرێس"ی دیار کوردە، پەیامنێری ڕووداو لە واشنتن، کاریگەریی هەڵبژاردنەکانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگە کوردییەکان هەڵسەنگاند.
ئەو توێژەرە جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی دەستووری ئەمریکا، کۆنگرێس بڕیاردەری سەرەکییە لە ڕاگەیاندنی جەنگ، سیاسەتی دەرەوە و تەرخانکردنی بودجەی هاوکارییەکان. لە کاتێکدا کۆنگرێس دەسەڵاتی پەسەندکردنی بودجەی هاوکاریی دەرەکی هەیە، سەرۆکیش مافی ڤیتۆکردنی هەیە؛ بەڵام بۆ تێپەڕاندنی ڤیتۆکە پێویست بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و سیناتەکان دەکات. هەرچەندە بودجەی هاوکاریی دەرەکی بەشێکی کەمی بودجەی فیدراڵییە، بەڵام وەک بابەتێک دەبینرێت کە لە ناو ڕای گشتیی ئەمریکادا زۆر ڕەخنەی لێ دەگیرێت.
حەمەسەعید سێ سیناریۆی سەرەکیی دوای هەڵبژاردنەکانی خستەڕوو: ١) پاراستنی دۆخی ئێستا – ئەگەر کۆمارییەکان کۆشکی سپی و هەردوو باڵی کۆنگرێس بەدەستەوە بگرن؛ ٢) بەڕێوەبردنی دابەشکراو – ئەگەر دیموکراتەکان زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەست بهێنن؛ ٣) شەپۆلی تەواوی ئۆپۆزسیۆن – ئەگەر دیموکراتەکان هەم ئەنجومەنی نوێنەران و هەم ئەنجومەنی پیران ببەنەوە. ئاماژە بەوە کرا کە تەنانەت ئەگەر دیموکراتەکان ئەنجومەنی نوێنەرانیش ببەنەوە، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە هەموو سیاسەتەکاندا بەتەواوی ڕانەگیرێت، بەڵام دەتوانن بە میکانیزمەکانی چاودێری، کاری دەسەڵاتی جێبەجێکردن خاو بکەنەوە.
حەمەسەعید باسی لە کاریگەریی ئەگەریی دیاسپۆرای کورد لە ئەمریکا لەسەر هەڵبژاردنەکان کرد و ڕای گەیاند کە ژمارەی زۆری کورد دەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دیاری بکات.
سەرچاوە: Rûdaw