
ھونەرمەندی خانەنشینی شانۆکانی دەوڵەت مونیر جانار لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا لە ئەنقەرە کۆچی دوایی کرد
ئەکتەر و دەرھێنەری شارەزا مونیر جانار، لە ئەنقەرە لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا گیانی لەدەستدا.
ھونەرمەندی خانەنشینی شانۆکانی دەوڵەت مونیر جانار، لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا لە ئەنقەرە کۆچی دوایی کرد. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شانۆکانی دەوڵەت، لە ڕێگەی ئەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "ناوداری شارەزای شانۆکانی دەوڵەت، مامۆستامان مونیر جانارمان لەدەستدا."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شانۆکانی دەوڵەت ئاماژەی بەوەدا کە جانار تەمەنی خۆی بۆ ھونەر تەرخان کردووە و لەژێر سێبەری شانۆکانی دەوڵەتدا وەک ئەکتەر و دەرھێنەر ژیانی بەخشیوە بە گەلێک بەرھەم. جەختیش کرایەوە کە لە پاڵ ڕۆڵگێڕانی بەھێزی لەسەر تەختەی شانۆ، لە شاشەکانی سینەما و تلویزیۆنیشدا بە ڕۆڵگێڕانی تایبەتی خۆی شوێنپەنجەی قووڵی جێهێشتووە.
مونیر جانار، ساڵانێکی درێژ لەناو شانۆکانی دەوڵەتدا خزمەتی کردووە و بە بەرھەمەکانی و ئەو قوتابیانەی پێیگەیاندوون، وەک کەسایەتییەکی گەورە لە جیهانی ھونەردا ناوی دەبرا. بەڕێوەبەرایەتیی شانۆکانی دەوڵەت دیاری کرد کە بە ڕێز و خۆشەویستی و ڕەحمەتەوە یادی ئەم مامۆستا هێژایە دەکەنەوە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی، کەسوکاری و تەواوی جیهانی ھونەر کرد.
سەرچاوە: Kurdistan24