
یانە وەرزشییە ئاماتۆرەکانی وان ڕووبەڕووی کێشەی دارایی بوونەتەوە
یانە ئاماتۆرەکانی لاوانی وان بەهۆی بەس نەبوونی هاوکارییەکانی شارەوانی، لە گەشەپێدانی یاریزانە گەنجەکاندا تووشی ئاستەنگی بوونەتەوە.
سەدان گەنج کە بە هیوای بوون بە یاریزانی پیشەگەر لە یاریگاکاندا تێدەکۆشن، هەوڵ دەدەن لە یانە ئاماتۆرەکانی واندا پەرە بە تواناکانیان بدەن. بەڵام یانەکان بەهۆی زیادبوونی خەرجییەکان و کەمیی بودجەکانیان، لە پرۆسەی پێگەیاندن و ناردنی وەرزشوانە بەهرەمەندەکان بۆ لیگی پیشەگەر تووشی چەندین ئاستەنگی دەبنەوە.
باس لەوە دەکرێت ئەو هاوکارییەی ساڵی جارێک لەلایەن پاریزگا و شارەوانیی گەورەی وانەوە دابین دەکرێت، بەس نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وەرزێک. لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاستی بنەڕەتی خوازیاری مۆدێلێکی هاوکاریی بەردەوامن و ئامانجیان ئەوەیە یاریزانە گەنجەکانی شارەکە لە لیگە پیشەگەرەکاندا یاری بکەن و بەتایبەتی بەهرەی نوێ بۆ یانەی وانسپۆر دەستنیشان بكرێن.
یانە ئاماتۆرەکان لە کاتی بەڕێوەبردنی بەرنامەکانی ڕاهێنان و یارییەکاندا، بەدوای سەرچاوەی داراییدا دەگەڕێن بۆ دابینکردنی خەرجییە سەرەکییەکانی وەک هاتووچۆ، درێس، تۆپی پێ، کەلوپەلی ڕاهێنان، خەرجیی یاریگا، کارەکانی مۆڵەت (لیسانس) و ڕێکخستنی یارییەکان. دابینکردنی ڕاهێنەری شارەزا، بەرنامەی ڕاهێنانی بەردەوام، یاریگای گونجاو، کەلوپەلی وەرزشی، خواردنی تەندروست و ئەزموونی یاریی کردن، ڕۆڵێکی گرنگیان لە گەشەکردنی یاریزانە گەنجەکاندا هەیە.
سەرچاوە: Vansesi Gazetesi