
پێکدادانی بارهەڵگر و مینیبوسێک لە ڕێگای وان-ئۆزالپ: ٩ کەس گیانیان لەدەستدا و ٥ کەسیش بریندار بوون
لە ڕێگای وان-ئۆزالپ بەهۆی بارانبارینەوە، بارهەڵگرێک و مینیبوسێکی خاوەن تابلۆی ئێران پێکدادان و لە ئەنجامدا ٩ کەس گیانیان لەدەستدا و ٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە کیلۆمەتری ٤٩ی ڕێگای وان-ئۆزالپ، لە کاتەکانی ئێوارەدا و بەهۆی بارانبارینەوە کە ڕێگاکەی خلیسکاندبوو، بارهەڵگرێک کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و لەگەڵ مینیبوسێکی گواستنەوەی سەرنشین کە تابلۆی ئێرانی هەبوو، پێکدادان.
لەو ڕووداوەدا ٩ کەس گیانیان لەدەستدا؛ کە ٥ ژن و ٤ پیاو لەنێوانیاندا هەن. ٥ بریندارەکەش بە ئەمبوڵانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە و لەژێر چارەسەردان. ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی تەندروستی، ئافاد، ئاگرکوژێنەوە و هێزە ئەمنییەکان ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران.
پارێزگاری وان، ئۆزان باڵجی، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە ڕایگەیاند کە ڕووداوەکە بەهۆی بارانبارین و خلیسکی ڕێگاکەوە ڕوویداوە، هەروەها پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ برینداران خواست.
سەرچاوە: Kurdistan24