
یاریگای نوێ و کۆمەڵگەی ژیان لە وان لە ٧٠٠ ڕۆژدا تەواو دەکرێت
کۆمپانیای نۆڤێن ئینشائات کە بنکەکەی لە وانە، بە پێشکەشکردنی ٢٫٣٤ ملیار لیرە دروستکردنی یاریگای نوێی وانی گرتە ئەستۆ و پلان وایە پرۆژەکە لە ماوەی ٧٠٠ ڕۆژدا تەواو بكرێت.
لە داواکارییە کراوەکەی ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولدا ئیحاڵەکە بەڕێوەچوو و ٢٢ کۆمپانیا تێیدا بەشدار بوون، دواتر لەلایەن سەرۆکایەتی چاودێری و هەماهەنگی وەبەرهێنانی وان (YİKOB) هەڵسەنگاندنی بۆ کرا. کۆمپانیای نۆڤێن ئینشائات کە بنکەکەی لە وانە، بە گونجاوترین پێشنیاز کە ٢ ملیار و ٣٤٥ ملیۆن و ٤٨٦ هزار لیرە بوو، بووە براوەی پرۆژەکە و بەرپرسیارێتی دروستکردنی گرتە ئەستۆ. تێچووی خەمڵێنراوی پرۆژەکە ٣ ملیار و ٦١٤ ملیۆن و ٧٣١ هزار لیرە دیاری کرابوو، کە جیاوازی نێوان تێچووی خەمڵێنراو و پێشنیازەکە ١ ملیار و ٢٦٩ ملیۆن و ٢٤٥ هزار لیرە بوو.
بەپێی ئەنجامی ئیحاڵەکە، بڕیارە یاریگای نوێی وان و کۆمەڵگەی ژیان لە دوای ڕادەستکردنی زەوییەکەی، لە ماوەی ٧٠٠ ڕۆژدا تەواو بكرێت. یاریگاکە جێگەی ١٤ هزار و ٩٨٢ کەس دەبێتەوە و بە شێوازێکی هاوچەرخ و بەکارهێنانی فرەلایەن دروست دەکرێت؛ تەنها بۆ یارییەکانی تۆپی پێ ناکرێت، بەڵکو وەک کۆمەڵگەیەکی ژیان لە هەموو کاتژمێرەکانی ڕۆژدا میوانداری چالاکی جۆراوجۆر دەکات.
یاریگای شارەوانیی ئەتاتورک کە لە ساڵی ١٩٧٥ەوە خزمەتی دەکرد، لە بوومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠١١ی واندا زیانی بەرکەوتبوو و دوای بەهێزکردنی، بەکارهێنانی بەردەوام بوو. بەڵام بەهۆی ئەوەی نەیدەتوانی پێداویستییە ئەمنییەکان و سەردەمییەکان دابین بکات، پێنج مانگ لەمەوبەر چۆڵکرا و دواتر ڕووخێنرا. دامەزراوە نوێکە بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە و دابینکردنی ژێرخانێکی وەرزشی هاوچەرخ بۆ شارەکە دروست دەکرێت.
سەرچاوە: Vansesi Gazetesi