
پڕۆژەکانی سەدەی نوێی وان لە پەرلەمانی تورکیا خرانەڕوو
کەیھان تورکمەنئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاک پارتی لە وان، پڕۆژە گەورەکانی وان لە بوارەکانی گواستنەوە، تەندروستی، نیشتەجێبوون و کشتوکاڵی لە پەرلەمانی تورکیا ئاشکرا کرد.
کەیھان تورکمەنئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاک پارتی لە وان، ئەو پڕۆژە گەورانەی کە ئامانجیان دیاریکردنی ئایندەی وانە، لە پەرلەمانی تورکیا خستەڕوو. وەبەرھێنانە پلاندانراوەکان لە بوارەکانی گواستنەوە، تەندروستی، نیشتەجێبوون، کشتوکاڵ، گەشتیاری و دیپلۆماسیدا بە وردی باس کران.
لە بواری گواستنەوەدا، قۆناغی یەکەمی سیستەمێکی شەمەندەفەری بە درێژی ٨،٦٧ کیلۆمەتر و ١١ وێستگە ڕاگەیەندرا کە نەخۆشخانەی شار، فڕۆکەخانە و شارەوانی بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئامانج ئەوەیە پڕۆژەکە لە قۆناغەکانی داھاتوودا ببێتە ھێڵێکی ٣٠ کیلۆمەتری. ھەروەھا ڕێگەی کەناراو بە درێژی ٦٥ کیلۆمەتر کە لە قەزای ئەدرەمیتەوە دەست پێدەکات و تا ھەڵکالی درێژ دەبێتەوە، لەگەڵ ڕێڕەوی پیادە و پاسکیل، ناوچەی سەوز و سەنتەرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، توانای گەشتیاری شارەکە زیاد دەکات.
لە چوارچێوەی گۆڕانکاری شارستانی، دەزگای تۆکی (TOKİ) لە سەرانسەری وان لە ١٤٥ شوێنی جیاوازدا ٣٠ ھەزار و ٤٩٦ یەکەی نیشتەجێبوونی دروست کردووە. لە ئەدرەمیت، ئەیپەک یۆلی و توشبا، باخچەی نەتەوەیی بە ڕووبەری ٥٣٠ ھەزار مەتر دووجا کرانەوە. لە چوارچێوەی بەرنامەی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتیشدا، تیروپشکی ٦ ھەزار و ٨٠٣ یەکەی نیشتەجێبوون ئەنجامدرا و پرۆسەی دروستکردنیان دەستی پێکرد.
لە بواری تەندروستیدا، لەکاتێکدا نەخۆشخانەی شار بە ٨٠٠ قەرەوێڵەوە لە ئەدرەمیت دروست دەکرێت، کارەکان بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانەکانی باشکەلا و مورادییە و خێراکردنی وەبەرهێنانەکان لە ئەردیش و بۆستانیچی بەردەوامن. لە بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا، بە تەواوبوونی ناوچەی پیشەسازیی ئاژەڵداری بە ڕووبەری ٣ هەزار و ٧٤٤ دۆنم، پلانی ئەوە دانراوە کە توانای لەخۆگرتنی ٥٥ هەزار سەر ئاژەڵی گەورە دابین بکرێت و ٣ هەزار هەلی کار بڕەخسێنرێت. لە چاڵدێران بەهۆی گەرمیی زەوییەوە بۆ خانووی پلاستیکی، ئامانج لێی بەرهەمهێنانی ساڵانەی ٣٠٠ ملیۆن هێلکە و ١٠٠ ملیۆن ماسی بچووکە. کردنەوەی نوێنەرایەتی وەزارەتی دەرەوە و کۆنسوڵخانەی گشتی ئێران، هەروەها زیادبوونی هاتووچۆی لۆجستی لە دەروازەی سنووریی کاپیکۆی، پێگەی دیپلۆماسی و بازرگانی شارەکەی بەهێزتر کردووە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی شەهریڤان