
نرخی کیلۆیەک پەنیری گیاداری وان گەیشتە ٨٠٠ لیرە و خواستی زستانە بۆی زیاد دەکات
پەنیری بەناوبانگی گیاداری وان لە باکووری کوردستان، لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا خواستی زۆری لەسەرە و نرخی هەر کیلۆیەکی گەیشتووەتە ٨٠٠ لیرە.
پەنیری گیاداری وان کە یەکێکە لە بەناوبانگترین خواردنە خۆماڵییەکانی باکووری کوردستان، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستاندا بازاڕەکانی گەرم کردووەتەوە. سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخەکەی، بەڵام خواستی هاووڵاتییان بۆی بەردەوامە؛ ئەمساڵ نرخی هەر کیلۆیەکی پەنیرەکە گەیشتووەتە ٨٠٠ لیرەی تورکی.
ئەم پەنیرە لە تێکەڵکردنی ئەو گیایە بەسوودانە دروست دەکرێت کە لە کوێستانە بەرزەکان کۆ دەکرێنەوە و بە شێوازی دێرین بەرهەم دەهێنرێت. پاش ئەوەی لە دەفرە تایبەتەکاندا دەگوشرێت، بۆ ماوەی ٦ بۆ ٧ مانگ لە ژێر خاکدا دەهێڵرێتەوە تا ئاوەکەی دەردەچێت و پێ دەگات؛ لەم پرۆسەیەدا بۆنی تایبەتی گیای کوێستانەکان لەناو پەنیرەکەدا دەمێنێتەوە.
یوونس ئاکچڵگین، یەکێک لە فرۆشیارانی پەنیری وان، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان سێ جۆر پەنیریان لە دوکانەکانیاندا هەیە، ئەوانیش پەنیرەی تازە، پەنیرەی سوێرکراو و ئەو جۆرەی کە زۆرترین خواستی لەسەرە، واتە "پەنیری ژێر خاک". ئاکچڵگین جەختی لەوە کردەوە کە لە وەرزی زستاندا پەنیری گیادار دەبێتە بەشێکی سەرەکی سفرەی خەڵک و بەرزی نرخەکەشی نەبووەتە هۆی کەمبوونەوەی خواستی کڕیاران.
سەرچاوە: Kurdistan24