
مامۆستایەکی خانەنشینی وان، ماڵەکەی کردووە بە پێشانگای هونەری
ریفات چالیشکان، خولیای ٥٥ ساڵەی خۆی بۆ وێنەکێشان لە بەشێکی ماڵەکەیدا نمایش دەکات و خەریکی ئامادەکارییە بۆ کردنەوەی پێشانگایەکی تایبەت لە وان.
ریفات چالیشکان، مامۆستای خانەنشین کە لە قەزای ئەردیشی سەر بە پارێزگای وان دەژی، لە ساڵانی خوێندنی ناوەندیدا ئاشنای وێنەکێشان بووە و لە ساڵی ١٩٧٧دا وەک مامۆستای پۆل لە پەیمانگای پەروەردەی وان دەرچووە. لە ماوەی پیشەی مامۆستایەتیشیدا بەردەوام بووە لەسەر خولیای وێنەکێشان و بە بەشداریکردن لە خولێکی دوو مانگەی ڕاهێناندا، زانیارییەکانی خۆی لەو بوارەدا پەرەپێداوە.
دوای ٢٣ ساڵ لە خانەنشینبوون، ئەو ئەزموون و بیرەوەرییانەی کە کۆی کردوونەتەوە لەسەر تابلۆکان نەخشاندوویەتی و بەشێکی ماڵەکەی کردووە بە پێشانگایەکی هونەری کە تێیدا دیمەنی سروشت، چیرۆکی مرۆڤەکان و کولتووری ئەنادۆڵ نمایش دەکات. چالیشکان کە لە هاوینان لە باخچەکەیدا و لە زستانانیشدا لە ماڵەکەیدا کار دەکات، لەگەڵ ئەو گوندنشینانەی وێنەیان دەگرێت و ئەو کەسانەی لە کێڵگەکاندا کار دەکەن دادەنیشێت، قسەیان لەگەڵ دەکات و چیرۆکەکانیان دەگوازێتەوە سەر تابلۆکانی.
چالیشکان کە لە چەندین شاری تورکیا پێشانگای تایبەتی کردووەتەوە و بەشداری لە زۆر پێشانگای هاوبەشدا کردووە، ئێستا خەریکی ئامادەکارییە بۆ کردنەوەی پێشانگایەکی نوێ لە وان. ئەو هونەرمەندە کە دوای بوومەلەرزەکەی ئەردیش لە دۆخێکی هەستیاردا ٨ تابلۆی تایبەت بە بوومەلەرزەکەی کێشاوە، دەڵێت وێنەکێشان بەشێکی دانەبڕاوی ژیانێتی.
سەرچاوە: Kurdistan24