
ئەمریکا هێرشی بۆردومانی کردە سەر دوورگەی قشمی ئێرانی
وۆڵ ستریت جۆرناڵ هەواڵی دواین هێرشی سەربازیی سنوورداری ئەمریکای لە دوورگەی قشم لە دەریابەست بەندەری هورمز بڵاوکردەوە.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردەوە، ڕۆژی دوشەممە ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر دوورگەی قشمی ئێرانی لە گەرووی هورمز. هێرشەکە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ لە هەمان ڕۆژدا ڕایگەیاند کە پێشکەوتن لە دانوستانەکان لەگەڵ تاران بەدەستهاتووە و ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە دەکرێت ئەنجام بدرێت.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆردومانکردنی دوورگەی قشم، دواین هێرشە لە زنجیرەیەک هێرشی سەربازیی سنووردار کە واشنتن لە هەفتەکانی دواییدا بە نهێنی دژی ئێران ئەنجامی داون. ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئێرنا) بڵاوی کردەوە، پێنج دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە دوورگەکە بیستراوە و دانیشتووانی ناوچەکە دوو فڕۆکەی جەنگییان لە ئاسمانی دوورگەکەدا بینیوە. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا هێشتا هێرشەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکا ئەم هێرشانە وەک "هەنگاوی بەرگریکارانە" وەسف دەکەن کە ئامانج لێیان نەهێشتنی توانای تارانە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز. واشنتن هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی و ئاشکرای بڵاونەکردووەتەوە بۆ ئەوەی هێرشەکان وەک دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی گەورەتر نەبینرێن.
گەرووی هورمز ڕێگەیەکی گرنگی گواستنەوەی نەوتی جیهانە. لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتەوە گەرووەکە تا ڕادەیەکی زۆر داخرابوو؛ بەهۆی زیادبوونی گەشەبینی بە کۆتاییهاتنی شەڕەکە، نرخی نەوت کە بەهۆی داخستنی گەرووەکە لەلایەن ئێرانەوە بەرزببووەوە، ڕۆژی دوشەممە زیاتر لە ٧٪ دابەزی.
سەرچاوە: Rûdaw