
War on the Rocks: پلانی کشانەوەی تەواوەتیی ئەمریکا لە عێراق و دەرئەنجامە ئەگەرییەکانی
گۆڤاری War on the Rocks هۆشداری دا لەوەی کە کشانەوەی تەواوەتیی سەربازیی ئەمریکا کە بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلوولدا تەواو ببێت، دەکرێت چۆن کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا هەبێت.
گۆڤاری War on the Rocks ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیدارەی واشنتن لە لێواری دەستبەرداربوونی تەواوەتییە لە عێراق. لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە کشانەوەی تەواوەتیی سەربازی کە بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلوولدا کۆتایی پێ بێت، دەبێتە کۆتایی هاتنی هاوکاریی ڕاستەوخۆی نێوان حکومەتی عێراق و ئەمریکا.
سەرنج بۆ ئەوە ڕاکێشراوە کە هیچ چوارچێوەیەکی ستراتیژی نییە کە سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە دوای کشانەوە دیاری بکات. ئاماژە بەوەش کراوە کە بەهۆی کاریگەریی دیاردە ناوخۆییەکانەوە، عێراق بەرەو ژێر کاریگەریی ئێران دەڕوات و ئەم دۆخەش مەيلى ئەمریکای بۆ "دەستبەرداربوون" بەهێزتر کردووە.
بیرخراوەتەوە کە بنەمای پەیوەندییەکانی ڕابردوو بریتی بوو لە هاوبەشیی ئاسایش بۆ دژایەتیکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان لە عێراق و سوریا؛ ئاماژە بەوەش کراوە کە بە کۆتایی هاتنی ئامادەیی سەربازی، ئەم میکانیزمەش نامێنێت. جەخت لەوەش کراوەتەوە کە هەوڵەکانی بەغدا بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکان بێئەنجام بوون و هیچ چوارچێوەیەکی بەدیل نییە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەگەر عێراق نەتوانێت لە کاتی دیاریکراودا گرووپەکان چەک بکات و ڕێگری لە چوونی بۆ ناو میحوەرى تاران بکات، ئەوا ئەمریکا دەکرێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا بە تەواوەتی بێسوود بپێوێت. شیکارییەکە تیشک دەخاتە سەر دوو سیناریۆی ئەگەری: دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ بە کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی بەغدا بەسەر گرووپە چەکدارەکاندا، یاخود پچڕانی تەواوەتیی پەیوەندییەکان و دروستبوونی مەترسیی جددی بۆ عێراق.
سەرچاوە: Kurdistan24