
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەخت لە کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتی عێراق و پشتگیری لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە
ئەمریکا پشتگیری لە خستنەژێر چاودێریی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە لە عێراق دەکات و هەرێمێکی بەهێزی کوردستان بە بنەمای پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق دەزانێت.
بەپرسێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان٢٤ ڕایگەیاند، واشنتن پشتگیری لە هەرێمێکی بەهێز، یەکگرتوو و خۆڕاگر بۆ کوردستان دەکات و ئەم هەرێمەش بە پایەیەکی سەرەکیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دەژمێردرێت.
بەپرسەکە جەختی لە پشتگیریی ئەمریکا بۆ سەروەریی دەوڵەت، مافی پێکهاتەکان و وەڵامدانەوەی قەیرانە مرۆییەکان کردەوە. هەروەها دیاری کرد کە ئەمریکا پشتگیری لە دیدگای عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ عێراقێکی سەقامگیر و گەشەسەندوو دەکات – لەوانەش خزمەتکردنی خەڵک، بەهێزکردنی هاوکاریی ناوچەیی و خستنەژێر چاودێریی تەواوی چەکەکان لەلایەن دەوڵەتەوە – و چاوەڕێ دەکات زەیدی ئەم بەڵێنانە جێبەجێ بکات.
سەبارەت بە سووریا، بەپرسەکە ئاماژەی بەوە دا کە واشنتن پشتگیری لە سووریایەکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری دەکات کە تێیدا کورد و تەواوی پێکهاتەکانی دیکە لە مافی هاووڵاتیبوونی یەکسان، ئاسایش و بەشداریی کاریگەر لە دەسەڵات بێبەش نەکرێن، و بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی بەردەوام.
دەربارەی قەیرانی مرۆیی لە غەززە، ڕایگەیاند کە ئەمریکا بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل، ئەنجومەنی ئاشتی، وڵاتانی هاوبەش و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کار دەکات بۆ گەیاندنی هاوکاریی بەپەلە بۆ ناوچەکە. وەک گەورەترین بەخشەر، ئەمریکا لە کاتی ڕاگرتنی شەڕەوە زیاتر لە ٨٧٠ ملیۆن دۆلار هاوکاریی مرۆیی پەسەند کردووە و بەتایبەتی تەرکیزی خستووەتە سەر ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان، بەڵام چەکدارانی حەماس ئاستەنگ لە بەردەم دابەشکردنی هاوکارییەکان دروست دەکەن.
سەرچاوە: Kurdistan24