
گۆڕی وەلیێ ئوشەنێ ئیمامی، شاعیری دێرسم دوای ٤٥ ساڵ لە گوندی پەتەر دۆزرایەوە
بە هەوڵی لێکۆڵەران و خۆبەخشان، گۆڕی وەلیێ ئوشەنێ ئیمامی دوای ٤٥ ساڵ لە گوندی پەتەر دەستنیشان کرا.
جەمال تاش و شاهین چیچەک، لێکۆڵەر و نووسەر لە یەکێتیی نووسەرانی دێرسم، لەگەڵ کۆمەڵێک خۆبەخش بە مەبەستی دۆزینەوەی گۆڕی شاعیر وەلیێ ئوشەنێ ئیمامی (وەلی کوتان) چوونە گوندی پەتەر. دوای ڕێپێوانێکی نزیکەی سێ سەعاتی، حوسێن یالنز کە خزمی شاعیرەکەیە، شوێنی گۆڕەکەی نیشان دان.
شاهین چیچەک ئاماژەی بەوە دا کە سەرجەم ئەو سووحارە (لاوانەوە) و گۆرانییانەی بە زمانی کرمانجی (زازاکی) لەسەر کۆمەڵکوژیی ١٩٣٨ و "تەرتەلە" گوتراونەتەوە و هونەرمەندان وتوویانەتەوە، هی وەلیێ ئوشەنێ ئیمامین. جەمال تاشیش ڕایگەیاند کە ئیمامی دوای کۆمەڵکوژییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی دێرسم سووحارەی وتووە و باسی ڕووداوەکانی شوێنەکانی وەکو هالڤۆری، ساکاک و چیای سپی کردووە.
حوسێن یالنز ڕوونی کردەوە کە دوای مردنی خەڵک لە گوندەکانی دەوروبەر، ئیمامی دەچووە سەر تەرمەکان و بە وتنی سووحارە هاوخەمیی خۆی دەردەبڕی. یالنز وتی دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٨١دا گوندی پەتەری جێهێشتووە، دوای ٤٥ ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکە و بە نیشاندانی شوێنی گۆڕەکە، هاوکاریی لێکۆڵەرانی کردووە تا بگەڕێنەوە سەر گۆڕەکە.
دوای گەیشتنە شوێنی گۆڕەکە، تابلۆیەک کە لەسەری نووسرابوو "وەلیێ ئوشەنێ ئیمامی – وەلی کوتان" چەقێنرا و خۆبەخشان تابلۆ و کەرەستەی دروستکردنیان بۆ گوندەکە گواستەوە. یەکێتیی نووسەرانی دێرسم بڕیاری داوە شاعیرانی کرمانجی (زازاکی) یاد بکاتەوە، بیانناسێنێت و شوێنەکانیان بپارشێزێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی ئەم کەلەپوورە کولتوورییە.
سەرچاوە: Rûdaw