
بزنە کێوییەکان بە کونە ئەشکەوتە مێژووییەکانی چەمشگەزەکی دێرسیمدا سەردەکەون
لەو دیمەنانەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گیراون، بزنە کێوییەکان و بێچووەکانیان بەو ژوورە تاشەبەردینانەدا سەردەکەون کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ئورارتییەکان لە قەزای چەمشگەزەک.
لە قەزای چەمشگەزەکی سەر بە پارێزگای دێرسیم، کۆمەڵێک ژووری تاشەبەردینی مێژوویی هەن کە پێیان دەوترێت "کونە ئەشکەوتەکان" (ئین دەلیکلێری)، پێشبینی دەکرێت مێژووەکەیان بۆ سەردەمی ئورارتییەکان بگەڕێتەوە و لە چوار نهۆم و ٢٥ ژوور پێکدێن. ئەم ناوچە شوێنەواری و سروشتییە، لە ژوورگەلێک پێکدێت کە بە ڕێڕەو، پەنجەرەی گەورە و پلیکانی دارین بەیەکەوە بەستراونەتەوە.
لەو دیمەنانەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گیراون، دەردەکەوێت کە بزنە کێوییەکان و بێچووەکانیان بەو ژوورە تاشەبەردینانەدا سەردەکەون، هەندێکیان ئەو پلیکانە دارینانە بەکاردەهێنن کە لەلایەن گەشتیارانەوە دانراون، هەندێکیشیان بە بازدان بەنێو تاشەبەردە سەختەکاندا دەگەنە ژوورەکانی نهۆمی سەرەوە. هەروەها دیمەنی چوونەژوورەوەی بزنەکان بۆ ناو ژوورەکان و هاتوچۆکردنیان لەو بەشانەی پەنجەرەیان هەیە، تۆمار کراوە.
ئەم دیمەنانە نیشانی دەدەن کە لە دۆڵی ڕووباری تاغار، ژوورە تاشەبەردینەکان کە خاوەن مێژوویەکی هەزاران ساڵەن، لەگەڵ ژینگەی دەوڵەمەندی ئاژەڵە کێوییەکانی ناوچەکەدا بەیەکەوە دەژین. ئەم پێکهاتە مێژووییەی کە لەژێر پاراستندایە و بزنە کێوییە چالاکەکان، جارێکی دیکە میراتی کولتووری و فرەچەشنیی سروشتیی ناوچەکەیان خستە بەرچاو.
سەرچاوە: ڕووداو