
هەڵەی ژیریی دەستکردی سوپای ئەمریکا مەترسیی ڕاگرتنی کەشتییەکی چینیی بە هۆشیاریی ئەتۆمییەوە دروست کرد
زانیارییەکی هەواڵگریی هەڵە بە هاوکاریی ژیریی دەستکرد، بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا پلانی دەستێوەردانی سەربازی دابنێت بۆ ڕاگرتنی کەشتییەکی چینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی ئەو بانگەشەیەی کە چەکی ئەتۆمی هەڵگرتووە.
بەپێی چوار سەرچاوەی ئەمریکی کە قسەیان بۆ تۆڕی سی ئێن ئێن کردووە، لە وەرزی بەهاردا و لە کاتی چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ڕاپۆرتێکی هەواڵگری کە بە هاوکاریی ژیریی دەستکرد ئامادەکرابوو، ئاماژەی بەوە کردبوو کە کەشتییەکی چینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشگەلێکی پەیوەندیدار بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئێرانی هەڵگرتووە.
لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتە، سوپای ئەمریکا کەوتە جووڵە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی "سەربازی" ئەو کەشتییە ڕابگرێت. بەڵام دەستبەجێ بەرپێش ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکە، بەرپرسان داوایان کرد ڕاپۆرتەکە بە شێوەیەکی قووڵتر بپشکنرێتەوە.
دەرکەوت کە ڕاپۆرتەکە لەلایەن شیکەرەوەیەکی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکاوە و بە هاوکاریی چاتبۆتێکی ژیریی دەستکرد ئامادەکراوە و بارەکەی ناو کەشتییەکەی بە هەڵە دەستنیشان کردووە. یەکێک لە سەرچاوەکان بڵاوی کردەوە کە ڕاپۆرتەکە "تەواو هەڵە بوو، خەریک بوو ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێک" و سەرنجی خستە سەر مەترسیی ڕوودانی پێكدادانی چەکداری لە نێوان دوو وڵاتەکەدا.
هیچ زانیارییەک دەربارەی ئەو بارەی کە کەشتییەکە هەڵیگرتبوو بڵاونەکراوەتەوە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتادۆن) وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدواندان لەسەر ئەم ڕووداوە نەداوەتەوە.
سەرچاوە: Rûdaw