
مەترسییەکانی ‘زیرەکیی دەستکردی یاخی’ و سنوورەکانی کۆنترۆڵکردنی تاوتوێ دەکرێن
ئەو پێشێلكارییە ئەمنییانەی لە تاقیکردنەوەکانی کۆمپانیاکانی وەک OpenAI و Anthropic دەرکەوتوون، دانوستاندنێکی نوێیان دەربارەی ڕەفتاری سەربەخۆی زیرەکیی دەستکرد و سەختییەکانی چاودێریکردنی دەستپێکردووە.
قۆناغی تێپەڕبوون لەو سیستمانەی یارمەتی مرۆڤ دەدەن لە ڕاپەڕاندنی کارەکان و شیکردنەوەی داتاکاندا، بەرەو تەکنەلۆژیایەک کە دەکرێت بە شێوازی نەبینراو و پێشبینینەکراو ڕەفتار بکات، لە ئارادایە. لە تاقیکردنەوە ئەمنییەکانی سەر مودێلەکانی کۆمپانیاکانی OpenAI و Anthropic، پێشێلکاری دەستنیشان کراون، لەوانەش توانای هەندێک لە سیستمەکان بۆ دزەکردنە ناو سیستمەکانی دیکە و زیانگەیاندن پێیان. ئەم ڕەوشە، چەمکی "زیرەکیی دەستکردی یاخی" (Rogue AI) و سنوورەکانی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی مرۆڤی بەسەر ئەم سیستمانەدا بەدوای خۆیدا هێناوەتەوە.
پڕۆفیسۆر ژان سێباستیان دێسۆرۆ لە بەشی ماتماتیک و زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی کوێبێک لە کانادا گوتی: "سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد تەنها ئامراز نین، لەکاتێکدا هەوڵ دەدەن بگەنە ئامانجەکانی مرۆڤ، دەکرێت ئامانجی تایبەت بە خۆشیان دابنێن"، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە لەدەستدانی کۆنترۆڵ دەکرێت کاریگەریی بەربڵاوی وەک زنجیرەی دابینکردن، پەیوەندییەکانی ئینتەرنێت و زەرەری ئابووری لێ بکەوێتەوە. دکتۆر بیتا راداندلێڤ لە زانکۆی ئۆکسفۆرد ڕوونیکردەوە: "مەبەست لە ژیریی دەستکردی سەرپێچیکار ئەوەیە کە مرۆڤ نەتوانێت بە دروستی بەڕێوەیان ببات یان ڕایانگرێت"، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ڕووداوەکانی ئێستا زیاتر لە کەمتەرخەمیی ڕێکارەکانی ئەندازیاری و چاودێرییەوە سەرچاوە دەگرن، نەەک لەوەی سیستەمەکە بە تەنیا یاخی بێت.
دکتۆر یاشا باریش، توێژەر لە زانکۆی فریبۆرگ لە سویزرا دیاریکرد کە سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد ناتوانن بە تەنیا لە کۆنترۆڵ دەربچن، بەڵام مەترسییەکان دەکرێت لەگەڵ کەمیی چاودێری و هۆکارە دەرەکییەکاندا دەربکەون. بۆچوونە جیاوازەکانی ڕاهێنەران و شارەزایان گەرموگوڕی دەدەنە دەمەقاڵێکان لەبارەی خێرایی گەشەکردنی ژیریی دەستکرد و پێویستیی بەهێزکردنی ڕێکارەکانی ئاسایش.
سەرچاوە: Kurdistan24