
حکومەتی عێراق و یەبەشە بڕیاری بەشداریکردنی ٤١٦٥ شەڕڤان لە دامەزراوە ئەمنییەکان ڕادەگەیەنن
سەرۆکی ئەنجومەنی عەشیرەتەکانی شنگال، شێخ دەخیل موراد، ڕایگەیاند کە بەپێی ڕێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی عێراق و یەبەشە، ٤١٦٥ شەڕڤان دەخرێنە ناو یەکە ئەمنییەکانی عێراقەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی عەشیرەتەکانی شنگال، شێخ دەخیل موراد، ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتنێکی نوێ لەنێوان حکومەتی عێراق و یەبەشە کراوە و بەپێی ئەو چوارچێوەیە، کۆی گشتی ٤١٦٥ شەڕڤان دەبنە بەشێک لە دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق. موراد ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکی ڕێککەوتنەکە، بەفەرمی ناساندنی ئەو هێزە چەکدارانەیە کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە شنگال دروست بوون.
شەڕڤانەکان لە ئەندامانی یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدخان پێکهاتوون و ١٥٠٠ کەسیان بەرپرسیار دەبن لە پاراستنی مەزارگە پیرۆزەکان و شوێنە ئاینییەکان. لەم گروپەدا نزیکەی ٢٠٠ ژنە شەڕڤانی یەژەشەش هەن. شەڕڤانانی دیکە دەچنە پاڵ لیوای ٧٤ی حەشدی شەعبی و بەسەر دوو فەوجی باشوور (قیبلە) و باکووردا دابەش دەکرێن. بەشێکی دیکەیان دەخرێنە سەر وەزارەتی بەرگری و بەشەکەی تریان دەبنە بەشێک لە یەکەکانی پۆلیسی فیدراڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئەو ئەندامە چەکدارانەی لە دەرەوەی عێراق و شنگال هاتوون وەک ڕاوێژکار دەمێننەوە و دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی وەک سلێمانی، دهۆک یان هەولێر. موراد وتی کە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق لەم ڕێککەوتنەدا باس نەکراوە و ئەوان دژی ئەو ماددەیە نین، بەڵام جەختی لەسەر گرنگی مافی قەرەبووکردنەوە کردەوە کە لە ماددەکەدا هاتووە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی عێراق لە پرسی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و پێدانی قەرەبوودا کەمتەرخەم بووە.
سەرچاوە: Rûdaw