
حوسییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سعودیە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٦ هێرش و لە هەفتەیەکدا ٣٠٠ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر تەعیز ئەنجامداوە
حوسییەکان ڕایانگەیاند کە سعودیە لە هەفتەی ڕابردوودا ٣٠٠ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پارێزگا جیاوازەکانی یەمەن ئەنجامداوە و لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردووشدا ٢٦ هێرشی بۆ سەر تەعیز کردووە.
یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی پشتیوانکراو لەلایەن ئێرانەوە، لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بانگەشەی ئەوەی کرد کە سعودیە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بە فڕۆکەی جەنگیی F-15 ٢٦ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شاری تەعیز لە ڕۆژئاوای یەمەن ئەنجامداوە.
سەریع ئاماژەی بەوەش کرد، سعودیە لە هەفتەی ڕابردوودا بە فڕۆکەی جەنگیی F-15 و تایفۆن لە بنکە ئاسمانییەکانی خەمیس مشێت و تائیفەوە، بە کۆی گشتی ٣٠٠ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پارێزگاکانی تەعیز، حەججە، مەئریب، جەوف، بەیدا، عەمران، لەحج، حودەیدە و سەعدە لە یەمەن ئەنجامداوە.
سەرچاوەکە ڕایگەیاندووە، لەگەڵ سەر هەڵدانەوەی شەر و پێدادانەکان لە مانگی تەممووزەوە، حوسییەکان تەواوی پارێزگای حودەیدەیان خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان و بەرەو ڕۆژئاوای تەعیز پێشڕەوییان کردووە، هەروەها ئەو هێڵانەی دەگەنە شاری موخا لەسەر دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب و دوورگەکانی حەنیەش و دوورگەی مەیوون و زوبابیان دەستبەسەردا گرتووە.
سەرچاوە: Rûdaw