
حووسییەکان بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خاڵە گرنگەکانی ڕیاز و دامەزراوەکانی ئارامکۆیان کردە ئامانج
حووسییەکان لە ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سودی و دامەزراوەکانی ئارامکۆ لە ناوچەی یەنبو هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ئەنجامدا.
حووسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند کە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان "خاڵە گرنگەکان" لە ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سعودی و دامەزراوەکانی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئارامکۆیان لە ناوچەی یەنبو کردووەتە ئامانج. یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حووسییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە بەرپرسار نین لەو هێرشەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە ١٥ی سێپتەمبەردا لە نزیک مەکە بەرپەرچ درایەوە.
سەریع وتی لە بنکە ئاسمانییەکانی حەمیس موشەیت و تائیفی سەر بە هاوپەیمانیی عەرەبییەوە تا ئێستا ٧٣٢ هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر یەمەن و عەرەبستانی سعودیی لەو هێرشانە تۆمەتبار کرد. ناوبراو ڕایگەیاند لە وەڵامی ئەو هێرشە ئاسمانییانەدا، بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هەندێک ئامانجی هەستیاریان لە ڕیاز و دامەزراوەکانی ئارامکۆیان لە ناوچەی یەنبو داوە، بەهۆی هێرشەکەوە ئاگر کەوتووەتەوە و شوێنە مەدەنییەکانیان نەکردووەتە ئامانج.
شایەتحالەکان ڕایانگەیاند کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیک فڕۆکەخانەی مەلیک خالید لە ڕیاز ئاگر کەوتووەتەوە و دووکل لە ناوچەکەوە بەرز بووەتەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکانی عەرەبستانی سعودی هێشتا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان دەربارەی هێرشەکان و ئاگرکەوتنەوەکە بڵاونەکردووەتەوە.
سەرچاوە: Rûdaw