
سوپای یەمەن بابولمەندەب و فڕۆکەخانەی زوبابی کۆنتڕۆڵ کرد
هێزە چەکدارەکانی یەمەن ڕایانگەیاند کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەیانی یەمەن"دا، توانیویانە کۆنتڕۆڵی بابولمەندەب و فڕۆکەخانەی زوباب بکەن.
عەقید ماجید عەبدوڵڵا نەزیلی، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە هەژماری خۆی لە سەکۆی ئێکس ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی "فەجر ئەلیەمەن" (بەیانی یەمەن) کە دژی حوسییەکانی سەر بە ئێران دەستی پێکردووە، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانە و پێگە سەربازییەکانی حوسییەکان دەکاتە ئامانج.
نەزیلی ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانی عەمالیقە و هێزەکانی قەڵغانی نیشتمان توانیویانە کۆنتڕۆڵی بابولمەندەب بکەن و فڕۆکەخانەی زوبابیش کەوتووەتە دەست هێزەکانی حکومەت. هەروەها ڕاگەیەندرا کە هێزەکان ڕێگای نێوان زوباب و موخایان بڕیوە و کۆنتڕۆڵی ئاگرینیان بەسەر ئەو ڕێگایەدا هەیە، سەدان چەکداری حوسی لە ناوچەی زوباب گەمارۆ دراون و بەشێک لە میلیشیاکانیش بە ڕێگای دەریایی هەڵاتوون.
عەمید تورکی مالیکی، وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە بەیانی ئەمڕۆ بە پشتیوانی ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی بەڕێوەچووە و لە سەرەتای دەستپێکردنییەوە ٣٢٤ ئامانجی گرنگ تێکشکێنراون. هاوپەیمانییەکە بەردەوامە لە پێشکەشکردنی پشتیوانی ئاسمانی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بە هێزە چەکدارەکانی یەمەن و پاراستنی ئاسمانی گەرووی بابولمەندەب.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە نزیکەکان لە حوسییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ناوچەکە هێشتا لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندایە. هاوکات ڕاگەیەندرا کە پێکدادانەکان لە ناوچەی تائیز چڕ بوونەتەوە، سەنتەری شارەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتدایە، بەڵام ناوچە شاخاوی و گوندنشینەکانی دەوروبەری هێشتا بە شێوەیەکی پارچەپارچە لەژێر کۆنتڕۆڵی لایەنەکاندا ماونەتەوە.
سەرچاوە: Rûdaw