
قۆناغی دووەمی پڕۆژەی پشتێنی سەوزی هەولێر: قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکان و مۆڵەتدان بە ٤ بۆ ٥ کارگە
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر پرۆسەی قەرەبووکردنەوە بۆ پشتێنی سەوز لە قۆناغی دووەم و بەخشینی مۆڵەتی کارگەی نوێی ڕاگەیاند.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر کارزان هادی ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پشتێنی سەوزدا قەرەبووی ئەو هاووڵاتییانە دەکرێتەوە کە زەوییەکانیان بەهۆی پڕۆژەکەوە زیانی بەرکەوتووە. ئاماژەی بەوەش کرد هەموو ڕێکارە یاسایی و تەکنیکییەکان تەواو کراون، زەوییەکان دەستنیشان کراون و نەخشەی پارچەکان ئامادە کراون، هەروەها هەموو ئەو هاووڵاتییانەی مافیان هەیە، چ گرێبەستی کشتوکاڵی یان مافی بەکارهێنانیان هەبێت، بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان قەرەبوو دەکرێنەوە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان د. محەمەد شوکری ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەم و دووەمی پڕۆژەکدا، مۆڵەت دراوە بە ٤ بۆ ٥ کارگە بۆ بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون، صابوون و پەین. ئاماژە بەوەش کرا کە دارە چێنراوەکان لە قۆناغێکی زوودا دەست بە بەرگرتن دەکەن و لە دوو بۆ سێ ساڵی داهاتوودا ئەم بەرهەمانە ماددەی خاو بۆ کارگە پەیوەندیدارەکان دابین دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، سەدا ٩٥ی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو بووە و لەژێر چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی قۆناغی دووەم دانرا. ئەم قۆناغە کە بە "ناوچەی A8" ناو دەبرێت، لە ناو پشتێنی سەوزدا هەڵکەوتووە کە بە پانیی ٢ کیلۆمەتر و درێژیی نزیکەی ٨٢ بۆ ٨٤ کیلۆمەتر دەورادوری هەولێر دەدات.
سەرچاوە: Kurdistan24