
وەزیری دەرەوەی یۆنان ئامانجیەتی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان ئەسینا و هەولێر دەستپێبکات
یۆرگۆس گێراپێتریتیس، وەزیری دەرەوەی یۆنان ڕایگەیاند، دەیانەوێت گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان ئەسینا و هەرێمی کوردستان دەستپێبکەن.
یۆرگۆس گێراپێتریتیس، وەزیری دەرەوەی یۆنان کە بەشداری لە کۆڕبەندی ستراتیژیی سلێمانیدا کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجیانە گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان ئەسینا و هەرێمی کوردستان دەستپێبکەن. وەزیرەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە پەیوەندییەکانی نێوان خەڵکی هەردوو ناوچەکە بەهێزتر دەکات.
گێراپێتریتیس لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکەدا، پلانی خۆی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو. هەروەها باسی لە بابەتەکانی وەک پڕۆژەی کێبڵی دەریای ناوەڕاست، دیدگای بەرگری ئەوروپا و ڕێڕەوی جیهانیی ئایمێک (IMEC) کرد.
وەزیرەکە سەبارەت بە ژینگەی وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا وتی: "زۆر بە هاوسەنگی مامەڵە دەکەم، چونکە نامەوێت هەموو کەسێک بێت و لە سلێمانی وەبەرهێنان بکات؛ دەمەوێت سەرەتا یۆنانییەکان بێن و وەبەرهێنان بکەن، بۆیە بە ئاشکرا هانی ئەم بیرۆکەیە نادەم". هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق زەمینەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنانی گەورە لە بوارەکانی وزە، کشتوکاڵ و گەشتیاریدا پێشکەش دەکات.
گێراپێتریتیس هیوای خواست لە داهاتوویەکی نزیکدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان ئەسینا و هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکرێت و ناوچەکەی بە یەکێک لەو شارستانییەتییە دەگمەن و خۆڕاگرانە ناوبرد کە بە درێژایی مێژوو نەڕووخاون.
سەرچاوە: Rûdaw