
کارگەیەکی نوێی مۆنتاژکردنی ئۆتۆمبێلی جێتۆر و هارلێم لە هەولێر دادەمەزرێت
کۆمپانیاکانی جێتۆر و هارلێم لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و بڕیاریاندا دووەم کارگەی مۆنتاژکردنی ئۆتۆمبێلی جێتۆر لە هەولێر دابمەزرێنن.
کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی چینی جێتۆر و گروپی کۆمپانیاکانی هارلێم، بە ئامادەبوونی دکتۆر محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بڕیاریاندا کارگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە هەولێر دابمەزرێنن. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە دوای کارگەکەی زاخۆ، ئەمە دووەم کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل دەبێت لە هەرێمەکەدا و لە قۆناغی یەکەمدا کارگەی مۆنتاژکردنی پارچەکانی ئۆتۆمبێلی جێتۆر دادەمەزرێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دکتۆر شوکری، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم پڕۆژەیە دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئامادەن هەموو ئاسانکاری و پشتگیرییەکی پێویست بۆ وەبەرهێنەران دابین بکەن. شوکری داوای لە کۆمپانیاکە کرد کە لە زووترین کاتدا دۆسیەی فەرمی پڕۆژەکە پێشکەشی دەستەی وەبەرهێنان بکەن بۆ ئەوەی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بە خێرایی دەست پێ بکەن.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پەرەپێدانی پیشەسازی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان، گواستنەوەی تەکنەلۆژیای مۆدێرن بۆ هەرێمەکە، ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ و بەرزکردنەوەی توانای پیشەیی هێزی کاری ناوخۆییە.
سەرچاوە: Kurdistan24