
زێلێنسکی: چاوەڕوان دەکرێت گەورەترین ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە سەرەتای جەنگەوە ئەنجام بدرێت
زێلێنسکی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا لە دوبلین، گەورەترین ئاڵوگۆڕی دیلەکانی ڕاگەیاند.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارد کوشنەر، نوێنەرانی تایبەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە دوبلین، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەکە ئەنجامێکی گرنگی لە ڕووی مرۆییەوە لێکەوتووەتەوە و ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت گەورەترین ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە سەرەتای جەنگەوە ئەنجام بدرێت.
زێلێنسکی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە نوێنەرانی ئەوروپا بە شێوەیەکی چالاکتر بەشداری لە پرۆسەی دیپلۆماسیدا بکەن. ناوبراو ڕایگەیاند کە کار بۆ ئەوە دەکەن وڵاتانی ئەوروپا بتوانن لەسەر مێزی دانوستان لە پێگەیەکی یەکساندا بن و ئۆکرانیا بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا.
هەروەها زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نوێی فرەلایەنە بەردەوامە، سوپاسی ئەو وڵاتانەی کرد کە پشتگیری ئۆکرانیا دەکەن، هەروەها سوپاسی ویتکۆف و کوشنەری کرد بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییە چڕەکانیان و سوپاسی ئێرڵەندایشی کرد بۆ میوانداریکردنی کۆبوونەوەکە.
سەرچاوە: Rûdaw